وه‌سیه‌تنامه‌ی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د ده‌نووسێ: بۆ ته‌واوکردنی راپۆرت چوومه به‌ندیخانه. کاتێک له‌ته‌ک یه‌کێک له ئهفهسهرکاندا چوومه نێو به‌ندیخانه، قازی محه‌ممه‌د خه‌ریکی نوێژکردن بوو، ئه‌فسه‌ری ئاماژه پێکراو هه‌واڵی به‌ڕێکردنی قازییه‌کانی بۆ تاران پێیان گه‌یاند. سه‌درو سه‌یفی قازی زۆر خۆشحاڵ بوون، به‌ڵام قازی محه‌ممه‌د له بوون‌و راگه‌یاندنی هه‌واڵه‌که‌ی ئێمه چووکه‌ترین ئاڵوگۆڕێکی له خۆی نیشان نه‌دا. قازییه‌کان که‌لوپه‌له‌کانیان کۆکرده‌وه‌و داوایان له ئه‌فسه‌ری به‌رپرسی کرد بۆ دابینکردنی خه‌رجی سه‌فه‌ر له ماڵه‌وه‌یان پووڵیان بۆ بێنن به‌ڵام ناوبراو وتی به‌رپرسایه‌تیی سه‌فه‌ره‌که‌و دابینکردنی تێچووی له ئه‌ستۆی سوپایه.
که‌یومه‌رس ساڵح**
هه‌رکام له قازییه‌کان له‌گه‌ڵ ده سه‌ربازی چه‌کداردا، سواری ماشینێکی نیزامی بوون. عه‌سری هه‌ر ئه‌و رۆژه رێوشوێنه‌کانی یاساغبوونی هاتووچۆو حکوومه‌تی نیزامی له مه‌هاباددا راگه‌یاندران. له گۆڕه‌پانی چوارچرادا خانوویه‌کی سێ‌قات هه‌بوو که ده‌رگایه‌کی به‌ره‌وڕووی گۆڕه‌پانه‌که ده‌کرایه‌وه. له رۆژێک له‌مه‌وپێشه‌وه ئه‌م ماڵه به بیانووی جێگیرکردنی کاتیی شاندی نێردراو چۆڵکرابوو. ماشینی قازی محه‌ممه‌د که له پێش دوو ماشینی دیکه‌وه ده‌چوو له مه‌یدانی چوارچرادا وه‌ستا.
قازی محه‌ممه‌د پرسی بۆ لێره‌دا رادوه‌ستن؟ ئه‌فسه‌ره‌که وه‌ڵامی دایه‌وه: سه‌ره‌تای چوونی ئێوه بۆ تاران، لێره‌وه‌یه. کاتێک قازی محه‌ممه‌د له ماشین دابهزیو چووه داڵانه‌که‌وه، دادستان نیکوزادو چه‌ند سه‌ربازی چه‌کداری له ته‌ک سه‌رۆکی بێهداشت که تازه له تارانه‌وه هاتبوو، دی له‌سه‌ر مێزێک قورئانێک دانرابوو. دادستان سه‌رهه‌نگ نیکوزاد حوکمی دادگای خوێنده‌وه‌و به قازیی راگه‌یاند حوکم هه‌رچی خێراتر ده‌بێ جێبه‌جێ بکرێ.
سه‌رهه‌نگ نیکوزاد به قازی وت: هه‌رچی خێراتر وه‌سیه‌تنامه‌یه‌ک داڕێژن. قازیش زوو له پشتی مێزدا دانیشت‌و نووسینی وه‌سیه‌تنامه‌ی ده‌ست پێ‌کرد. له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا چه‌ندین لاپه‌ڕه‌ی نووسی به‌ڵام زوو ماندوو بوو‌و داوای له مه‌لا مه‌هابادییه‌کان کرد وته‌کانی له وه‌سیه‌تنامه‌که‌دا بنووسن. قازی محه‌ممه‌د زۆر له‌سه‌ره‌خۆ قسه‌ی ده‌کرد: فڵان زهویو فڵان شوێن‌و فڵان مزگهوتو قوتابخانه‌و نه‌خۆشخانه دامه‌زرێنن تا داهاتووان که‌ڵکیان لێوه‌رگرن. کاتێک وه‌سیه‌تنامه‌که ته‌واو بوو، 2:30 به نوێژخوێندنو "راز‌و نیاز" له‌گه‌ڵ خودا تێپه‌ڕی. دادستان به ته‌واوی له درێژه‌کێشانی نوێژی قازی محه‌ممه‌د تووڕه ببوو. پاش ته‌واو بوونی "راز‌و نیاز"، قازی داوای له دادستان کرد بابه‌تگه‌لێکی دیکه به ناوی خه‌ڵکی کوردستان به وه‌سیه‌تنامه‌که زیاد بکا. دادستان بڕیاریدا پێنووس‌و کاغه‌ز ئاماده بکه‌ن.
قازی محه‌ممه‌د به مه‌لای وت هه‌رچی ده‌یڵێم بینووسه. مه‌لا وه‌ڵامی دایه‌وه قوربان چی بنووسم؟ ئه‌وه‌ی من ده‌یڵێم بینووسه.
که‌یومه‌رس ساڵح له درێژه‌دا ده‌ڵێ:
قازی محه‌ممه‌د بابه‌ته‌کانی به فارسی دهربڕیو داوای له مه‌لا کرد به کوردی بیان نووسێ. مه‌لا وتی: به کوردی نازانم بنووسم.
قازی محه‌ممه‌د به ناڕه‌حه‌تییه‌وه وتی:
"ئه‌مه‌ش یه‌کێکیتر له مه‌ینه‌تییه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی کورد"و ده‌ستی کرد به نووسین.
بسم الله الرحمن الرحیم
نه‌ته‌وه‌ی زۆر لێکراو، بێبهشو چه‌وساوه‌ی کورد! برایانی به‌ڕێز! له دوایین ساته‌کانی ژیاندا بابه‌تگه‌لێتان وه‌ک ئامۆژگاری پێ ده‌ڵێم. بۆ ره‌زامه‌ندیی خودا ده‌ست له دوژمنیی یه‌کتر هه‌ڵگرن، یه‌ک بگرن‌و بۆ پشتیوانی له یه‌کتر هه‌ڵسن، له به‌رابه‌ر دوژمن‌دا راوه‌ستن، خۆتان به نرخێکی که‌م به دوژمنه‌کان مه‌فرۆشن. دوژمن ته‌نیا بۆ گه‌یشتن به قازانجه‌کانی ئێوه‌ی ده‌وێ. پاش ئه‌وه ئیتر زیاتر له تڵپهیهک نین.
دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ی کورد زۆرن، زۆردان، نامهردو بێ‌ویژدانن، رازی سه‌رکه‌وتنی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک یهکیهتییو پێکه‌وه بوونه. ئازادیی نه‌ته‌وه‌یه‌ک پێویستی به پشتیوانیی گشت نه‌ته‌وه‌که‌یه، نه‌ته‌وه‌ی یه‌کنه‌گرتوو هه‌میشه له ژێر ده‌سه‌ڵاتدایه. ئێوه نه‌ته‌وه‌ی کورد شتێکتان له نه‌ته‌وه‌کانی دیکه که‌م نیه. به پێچه‌وانه‌شه‌وه پیاوه‌تی، غیرهتو ئازایه‌تیی ئێوه فره زۆرتره. ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی له به‌ندی دیلی رزگاریان بووه یه‌کگرتوو بوون‌و ته‌واو. ئێوه‌ش ده‌توانن به یهکگرتووییو هاوپێوه‌ندی زه‌نجیری دیلێتی پچڕێنن. ئێره‌یی، خهیانهتو خۆفرۆشی وه‌لانێن. ئیتر فریوی دوژمنان مه‌خۆن. دوژمنی نه‌ته‌وه‌ی کورد له هه‌ر تاقم‌و گرووپ‌و رهنگو ره‌گه‌زێک، هه‌ر دوژمنه، بێ بهزهییو ویژدانه. ئێوه له‌گیان یه‌ک به‌رده‌دا تا به قازانجه‌کانی خۆی بگا، به به‌ڵێنیگه‌لی درۆزنانه، ئێوه ده‌خڵه‌تێنێ. له ئیسماعیل ئاغای شکاک تا جه‌وهه‌رئاغای برای‌و حه‌مزه‌ئاغای مهنگوڕو چه‌ندین‌و چه‌ند قاره‌مانێکی دیکه، فریوی ئه‌م زۆرداره مه‌لعونانه‌یان خوارد‌و ناپیاوانه شه‌هیدکران. هه‌موویانیان به قورئان‌و سوێند فریودا، ئاخر ئه‌مانه که‌ی له قورئان‌و سوێند تێده‌گه‌ن، وه‌فا له لای ئه‌م کۆمه‌ڵه، شمه‌کی بازاڕه. له رێگه‌ی خودا‌و بۆ ره‌زامه‌ندیی ئه‌و پشتی یه‌کتر چۆڵ مهکهنو یه‌کگرتوو بن، دڵنیا بن ئه‌گه‌ر دوژمن هه‌نگوێنتان پێ‌بدا، تێکه‌ڵ به‌ژه‌هره. فریوی سوێنده درۆزنه‌کانی مه‌خۆن. ئه‌گه‌ر هه‌زار جار سوێند بخۆن دووباره هیچ ئامانجێکیان جیا له له‌نێوبردنی ئێوه نیه.
له دوایین کاتژمێره‌کانی ژیانمدا خودا به شایه‌تی ده‌گرم که له رێگای ئازادی‌و به‌خته‌وه‌ریی ئێوه‌دا گیان‌و ماڵی خۆم به‌خت کرد‌و له هیچ هه‌وڵێک کۆتاییم نه‌کرد. له لای ئه‌مانه، کوردبوونی ئێوه تاوانه، سه‌رو گیان‌و ماڵ‌و شه‌ره‌فی ئێوه له لایان حه‌ڵاڵه. ئه‌وان چونکه له گۆڕه‌پانی شه‌ڕدا ناتوانن له به‌رانبه‌ر ئێوه‌دا راوه‌ستن، هه‌میشه هانا بۆ فێڵ‌و ته‌ڵه‌که ده‌به‌ن. شا‌و دهستو پێوه‌ندییه‌کانی به جاران په‌یامیان نارد که بۆ وتووێژ ئاماده‌ن‌و مه‌یلی خوێن رشتنیان نیه، به‌ڵام من ده‌مزانی ئه‌وان درۆده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر خه‌یانه‌ت، خۆفرۆشی‌و فریوخواردوویی هێندێ له سه‌رۆک عه‌شیره‌کان نه‌بووایه، کۆمار هیچکات شکستی نه‌ده‌خوارد.
وه‌سیه‌ت ده‌که‌م منداڵه‌کانتان فێری زانست‌و عیلم بکه‌ن. نه‌ته‌وه‌ی ئێمه شتێکی له نه‌ته‌وه‌کانی تری جیهان که‌م نیه، جیا له زانست‌و عیلم. فێری زانست بن تا له کاروانی مرۆڤایه‌تی دوا نه‌که‌ون. زانست، چه‌کی له‌نێوبردنی دوژمنانه، دڵنیابن ئه‌گه‌ر به دوو چه‌کی یهکیهتیو زانست پۆشته ببن، دوژمنان کارێکیان بۆ ناچێته پێش. ئێوه نابێ به مردنی من‌و براکانو ئامۆزاکانم ترس بچێته دڵتانه‌وه. هێشتا قارهمانگهلێکی زۆر ده‌بێ گیان فیدا بکه‌ن تا داری ئازادیی کوردستان بگاته به‌رهه‌م. دڵنیام پاش ئێمه‌ش قارهمانگهلێکی دیکه هه‌ن که فریوبخۆن، به‌ڵام هیوادارم مه‌رگی ئێمه ببێته ده‌رسی عیبره‌ت بۆ سه‌رجه‌م خه‌باتگیڕانی ئازادیی کوردستان. وه‌سیه‌تێکی دیکه‌م بۆ دڵسۆزانی نه‌ته‌وه‌ی کورد هه‌یه. له خودای گه‌وره داوای ئازادیی نه‌ته‌وه‌ی خۆتان بکه‌ن. شایه‌ت له خۆتان بپرسن بۆ من سه‌رنه‌که‌وتم؟ له وه‌ڵامدا ده‌بێ بڵێم به خودا سه‌رکه‌وتووی راسته‌قینه منم. چ نێعمه‌تێک له‌وه سه‌رتره که سه‌رو ماڵ‌و گیانم له رێگای نه‌ته‌وه‌و نیشتمانم‌دا به‌خت بکه‌م. باوه‌ڕ بکه‌ن من جاران داوام له خودا کردوه ئه‌گه‌ر بمرم به شێوه‌یه‌ک گیان له‌ده‌ست بده‌م که به روومه‌تی سووره‌وه له لای خودا‌و پێغه‌مبه‌رو نه‌ته‌وه‌که‌م دا ئاماده بم. وه‌ها مردنێک سه‌رکه‌وتنی راسته‌قینه‌یه.
خۆشه‌ویستانم! کوردستان، نیشتمانی کورد‌و ماڵیه‌تی. هیچ که‌سێک مافی ئێرهییو به‌خێڵی نیه هه‌موو له ماڵی خۆیاندا ئازادن. هه‌رچی له ده‌ستتان دێ بۆ ئازادیی کورد کۆتایی مه‌که‌ن.
ئیتر نابێ له‌سه‌ر رێگای ئه‌و که‌سانه‌دا که به‌رپرسایه‌تی ده‌گرنه ئه‌ستۆ راوه‌ستن. له به‌رد خستنه رێگه ده‌ست ههلَگرنو ئه‌رکه‌کانتان به باشترین شێوه به‌ڕێوه‌ببه‌ن. دڵنیابن براکوردهکهتان له دوژمنی بێگانه زۆر باشتر. ئه‌گه‌ر من به‌پرسایه‌تیم وه‌ئه‌ستۆ نه‌گرتبایه ئێستا له پای چێوه‌ی داردا نه‌بووم و له لای بنه‌ماڵه‌که‌م رۆژه‌کانم ده‌برده‌سه‌ر، به‌ڵام ئه‌رکی من، به‌رزترین ئامانجم بوو و، تا پێی گیان راوه‌ستام. به هیوای خوداوه‌ندی گه‌وره، له ئاکامدا به‌سه‌ر دوژمنان‌دا سه‌رده‌که‌ون.
1ـ بڕواتان به خودا‌و ماجا‌و من عندالله و پێغه‌مبه‌ری ئه‌کره‌م (س) ههبێو ئه‌رکه دینییه‌کانی خۆتان به باشترین شێوه به‌ڕێوه ببه‌ن.
2ـ یهکیهتیو هاوپێوه‌ندی، ره‌مزی سه‌رکه‌وتنه. ئێرهییو خۆفریودان وهلابنێنو له وه‌رگرتنی بهرپرسایهتیو خزمه‌تکردندا له‌گه‌ڵ یه‌کتر کێبه‌رکێ بکه‌ن.
3ـ زانست‌و ئاگایی خۆتان به‌رنه‌سه‌رێ تا فریوی دوژمنان نه‌خۆن.
4ـ هیچ کات دوژمن به دۆست مه‌زانن چونکه دوژمنی نه‌ته‌وه‌و نیشتمان‌و دینتانه.
5ـ خۆتان بۆ چه‌ند رۆژ ژیان له‌م دنیا له‌ناوچووه‌دا مه‌فرۆشن. مێژوو سه‌لماندوویه که دوژمن به چووکه‌ترین بیانوویه‌ک، ده‌ست بۆ کوشتارو سه‌رکوت ده‌با.
6ـ خه‌یانه‌ت به یه‌کتر مه‌که‌ن نه خه‌یانه‌تی سیاسی‌و نه خه‌یانه‌تی ماڵی‌و گیانی‌و نامووسی. خه‌یانه‌تکار له لای خودا‌و گه‌ل رووڕه‌شه‌و خه‌یانه‌ت، له ئاکامدا بۆ خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
7ـ له‌ته‌ک ئه‌و که‌سانه‌ی دا، بێ خه‌یانه‌ت ئه‌رک به‌ڕێوه‌بردن هاوکاری بکه‌ن. خودای نه‌خواسته هیچکات مه‌بنه سیخۆڕی بێگانه.
8ـ ئه‌و شوێنانه‌ی له وه‌سیه‌تنامه‌که‌دا ئاماژه‌م پێ کردون (مزگه‌وت، قوتابخانه‌و نه‌خۆشخانه) هی خۆتانن، به باشترین شێوه که‌ڵکیان لێوه‌رگرن.
9ـ واز له شۆڕش مه‌هێنن تا له‌ژێرده‌سته‌یی ده‌رباز بن. ماڵی دنیا هیچ نیه، ئه‌گه‌ر نیشتمانێکتان هه‌بێ، سهربهخۆیییهکتان ههبێو ماڵ‌و خاک‌و نیشاتمانتان هی خۆتان بێ، ئه‌و کات هه‌موو شتێکتان ده‌بێ، هه‌م سامان هه‌م ده‌وڵه‌ت، هه‌م ئابڕو و هه‌م نیشتمان.
10ـ گومان ناکه‌م جیا له مافی خودا (حق الله)، مافێکی دیکه له ئه‌ستۆم بێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر که‌سێک هه‌ست ده‌کا قه‌رزێکی به‌لامه‌وه‌یه بچێته لای میراتگرانم.
تا ده‌ست نه‌ده‌یه ده‌ستی یه‌کتر، سه‌رکه‌وتن مسۆگه‌ر نابێ. له یه‌کتر زۆر مه‌که‌ن چونکه خوداوه‌ند دوژمنی زۆردارانه. هیوادرام وته‌کانم وه‌رگرن، خوداوه‌ند ئێوه به‌سه‌ر دوژمنان‌دا سه‌رخات.
مراد ما نصیحت بود و گفتیم (مه‌به‌ستی ئێمه ئامۆژگاری بوو وتمان)
حوالت با خدا کردیم و ر‌فتیم (سپاردمان به خودا‌و رۆیشتین)
خزمه‌تگوزاری نه‌ته‌وه‌و نیشتمان محه‌ممه‌د قازی
سه‌رچاوه: کتێبی " قازی محهممهدو کۆمار له ئاوێنه‌ی به‌ڵگه‌کان"دا ، بێهزاد خۆشحالی، 1380، هه‌مه‌دان
* زورگێڕدراوی ده‌قی فارسی "وه‌صیت‌نامه قازی محمد"ه که فارسییه‌که‌ی له به‌شی رێبه‌رانی شه‌هیدی ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کان وه‌رگیراوه.
** که‌یومه‌رس ساڵح، هه‌واڵنێری سوپای شه‌هنشایی ئێران که خۆی له دادگای قازییهکاندا به‌شداربووه‌و له به‌ر ئه‌وه‌ی که خوشکه‌زای سه‌ر له‌شکر فه‌ریدوون جه‌م، شووی شهمس(خوشکی شای ئێران) بووه، بڕواپێکراوی ده‌رباری شا بووه.
راپۆرتی ره‌وتی دادگایی کردنی قازییه‌کان که له لایه‌ن که‌یومه‌رس ساڵحه‌وه نووسراوه، له تایبهتنامهیهکدا چاپ بووه‌و بۆ خوێندنه‌وه به شێوه‌یه‌کی زۆر نهێنی دراوه‌ته ئه‌فسه‌ره پایه‌به‌رزو جێگای بڕواکانی شا.