ناوەندی پێشەوا

بۆ لێکۆلینەوە و توێژینەوە

ناوەندی پێشەوا

بۆ لێکۆلینەوە و توێژینەوە

ناوەندی پێشەوا نامەیەکی نارەزایەتی ئاراستەی حکومەتی ...

ناوەندی پێشەوا نامەیەکی نارەزایەتی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکا

5 Jun 2011
avatar

نامەی نارەزایی دەربارەی گرتنی مەراسمی مردنی خومەینی لە هۆلێ پێشەوای وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان

بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان!
بۆ وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان!

ماوەی چەند ساڵێکە کە وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆلێکی گەورەی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بەناوی پێشەوا قازی محەمەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان کردۆتەوە. سروشتی‌یە کە ناوی "پێشەوا" بۆ ئەو 

شوێنە، بە ئامانجی رێزگرتن لەم کەسایەتیە مەزنەی کورد و ئەمەگناسیەک بۆ خەبات و فیداکاریی پێشەوا قازی محەممەد لە رێگای سەربەستیی نەتەوەکەی دا، هەڵبژێردراوە.

بەڵام بە داخەوە هەست دەکرێ لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دوایی دا سەر کونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری هەولێر، بە شێوەی مەبەستدار زۆربەی رێورەسمەکانی لەم هۆڵە بەرێوە دەبا کە دوایینیان یادی مەرگی خومەینی بوو. 
هەڵبژاردنی هۆڵی پێشەوا بۆ یادی مەرگی خومەینی لەناو شاری هەولێردا لە حاڵێک دایە کە دەیان هۆڵی گەورە و بچوک لەو شارەدا دا هەیە کە بۆ بۆنەو مەراسمەکان سازکراون. جێگای پرسیارە کە ئاخۆ چ ئامانجێک لە ئارا دایە کە هەموو ساڵێ بۆ یادکردنەوەی یادی مردنی خومەینی، سەر کونسوڵی کۆماری ئیسلامی هۆڵی پێشەوا هەڵدەبژێرێ یان ئێوە ئەم هۆڵەیان لە ئیختیار دەنێن؟
بۆ کوردستانیان بە تایبەت کوردانی رۆژهەڵات جێگای داخە کە لە ژێر ناوی پێشەوا شەهیدەکەیان دا دا یادی کەسێک بکرێتەوە کە ئەوانی بە کافر و "مفسد فی الارض" دادەنا، حوکمی جیهادی لە دژیان دەرکرد و جینایەتەکانی قاڕنێ و قەڵاتان و کوشتنی سەدان کەس لە ژن و منداڵ و خەڵکی بێ تاوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر دەسەڵات و بە بڕیاری ئەو خوڵقان. 
ئێمە لە ناوەندی پێشەوا ئەم کردارە بە کردارێکی ناپەسەند دادەنێین و داواکارین لە ئێوەی بەرێز ئەگەر بە هەر هۆیەک ناتوانن پێش بە بەڕێوەچوونی ئەو جۆرە یادەوەریانە لە هۆڵی پێشەوا بگرن، ئەوا زۆر بە ئاسانی دەتوانن ناوی هۆڵی پێشەوا بۆ ناوێکی تر بگۆڕن. چونکە ئەوەی تا ئێستا کراوە، بە بێ رێزی بە پێشەوا قازی محەمەد دەزانین.
بەرێوەبەری ناوەندی پێشەوا
ئۆسلۆ ـ نۆروێژ
٢٠١١.٦.٤

نظرات 0 + ارسال نظر
ایمیل شما بعد از ثبت نمایش داده نخواهد شد